٢٢ی ئاوریلی ١٨٩٨ لە قاهیرە پێتەختی وڵاتی میسر مێقداد بەدرخان و جەلادەت بەدرخان یەکمین ڕۆژنامەی کوردیان بە نێوی کوردستان دەرکرد
ڕۆژنامەی کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییە، کە یەکەم ژمارەی لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی پایتەختی میسر چاپکرا، ئەمەش وەرچەرخانێکی ڕۆشنگەریی لە کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و بووە دەستپێکی قۆناغی ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان، ئەمڕۆش 124 ساڵی تەواو بەسەر دەرکردنی یەکەم ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیە تێپەڕ دەبێت، ڕۆژنیوز، گوزەرێکی خێرا دەکات بەناو مێژووی ڕۆژنامەگەریی لە ڕۆژنامەی “کوردستان”ەوە بۆ ئەمڕۆ.
قۆناغەکانی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان
ڕۆژنامەی کوردستان لەنێوان ساڵانی ١٨٩٨ تا ١٩٠٢ز، ٣١ ژمارەی لە چەند شوێنێکی جیاواز لێ دەرکرا، لە ژمارە ١ تا ٥ لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی میقداد مەدحەت بەدرخان و فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، میقداد بەدرخان لێپرسراوێتی دەرکردنی (ڕۆژنامەی کوردستان)ی خسته ئەستۆی (عەبدولڕەحمان بەدرخان)ی برای و لە ژمارە ٥ بە دواوە لە لایەن براکەیەوە دەرچوو.
لە ژمارە ٦ تا ١٩ لە ژنێفی پایتەختی سویسرا، هەروەها لە ژمارە ٢٠ تا ٢٣ دووبارە لە قاهیرە، ژمارە ٢٤یش لە لەندەن و ژمارە ٢٥یش دووجار دەرچووە، یەکەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆکستۆن هەر لە بەریتانیا، وە ژمارە ٢٦ – ٢٩ لە شاری فۆکستۆن، ژمارەکانی ٣٠ و ٣١ لە ژنێف دەرچووەتەوە.