گەنجێکی کوردی خەڵکی شارۆچکەی حاجیاوای باشووری کوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای لەندەن، وەک جێگری پارێزگاری پایتەختی بەریتانیا هەڵبژێردرا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری بهتین نیوز، ئەمڕۆ سەرباز عەلی بەرزنجی لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە: لە ڕێوڕسمێکی شایستە و تایبەتدا سەرەڕای ئەرکی ئەنجومەنی شارەوانی ئەرکێکی ترم پێ سپێردرا، بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەن وەک جێگری پارێزگار ھەڵبژێردراین.
سەرباز نووسیویشییەتی: شەرەفێکی مەزنە مرۆڤ بتوانێت خزمەتی کۆمەڵگە و خەڵکی خۆی بکات و ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی ھاوڵاتیان و ڕابردووی خۆی لەیاد نەکات، زێدەتر خۆشحاڵ بووم لەو ڕێوڕەسمەدا بە جلوبەرگی نەتەوەیی کوردییەوە سوێندی یاساییم بەجێگەیاند.
سەرباز عەلی بەرزنجی لەدایکبووی شارەدێی بنگرد-ی سەر بە شارۆچکەی حاجیاوایە و ماوەی ٢٠ ساڵە لە بەریتانیا نیشتەجێیە، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەندازیاریی بیناسازیدا و مامۆستایە لە زانکۆی لەندەن.
سەرباز پێشتر لەسەر پشکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای لەندەن، دەڵێت: بەوپەڕی توانامان ھەوڵدەدەین لە ئاستی متمانە و چاوەڕوانیی ئێوەدابین.