ئێوارەی ئەمڕۆ، تەقینەوەیەكی بەهێز لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی ڕوویدا، چوار كەس گیانیان لەدەستدا و 20 كەسی دیكەش برینداربوون
لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی و نزیك لە شووقەكانی گۆیژە سیتی تەقینەوەیەك ڕوویداوە بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 20 كەس برینداربوون و خانوویەكی سێ نهۆمی ڕووخا.
دوای ئەوەی تەقینەوەیەك لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی ڕوویدا، بەوهۆیەوە خانویەكی سێ نهۆمیی تەختی زەوی بوو، تائێستا كەسێك گیانی لەدەستداوە و زیاتر لە 20 كەس گەیەندراوەنەتە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی.
دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، هەموو نەخۆشخانەکان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی تەقینەوەکەی پارێزگای سلێمانی کە بەهۆی تەقینی تەنکی غازی شلەوە روویداوە.
تائێستا بەهۆی تەقینەوەكەوە، كەسێك گیانی لەدەستداوە و حەوت بریندار گەیەندراوەنەتە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی، ئەوەش بە وتەی سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری خێرا.
بەپێی زانیارییەكان، سیستمی غازی ئەو خانووەی تەقینەوەكە تێیدا ڕوویداوە شۆفاژە و لێچوونی هەبووە و لە ماڵەكە پەنگی خواردووەتەوە و تەقیوەتەوە و خانووەكەی تەختی زەوی كردووە.
بەوتەی كەسوكاری خاوەنی ئەو ماڵەی تەقینەوەكە تێیداڕوویداوە، ئەم ئێوارەیە كوڕ و كچەكانی ئەو خێزانە لە ماڵەكە كۆبونەتەوە و زیاتر لە 20 كەس بوون.
هاوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس بە بهتینی وت “تەنکیەکە ساغە نە تەقیوە، وەستایەکی ئێرانی ئیشی لە بۆری غازەکەیان کردوە لە قاتی ئەرزی و لێچوون رویداوە و قاتی خوارەوەی خانوەکە تەقیوەتەوە و بەوھۆیەوە خانوەکە روخاوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ” ئاشکرایە لای هەمووان کە لە ئێستادا رووداوێکی نەخوازراو لە شاری سلێمانی روویداوە بەهۆی تەقینی تانکی غاز کە بە داخەوە زیانی گیانی تیادا روویداوە و ژمارەیەک خانوو بەهۆیەوە رووخاون، وەک بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی سەرجەم تیمەکانمان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی وەک تایبەتمەندی خۆیان لە شوێنی رووداوەکەن و لەو رێگایانەی لە نزیک نەخۆشخانەی شار وە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بڵاوەیان پێکراوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ” وەک هاتووچۆی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیانی بەڕێز دەکەین کە ئۆتۆمبێلەکانیان دووربخەنەوە لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی نزیک شوێنی رووداوەکە و لە شەقامی بازنەیی نزیک نەخۆشخانەی شار بۆ ئەوەی گرفت بۆ ئۆتۆمبێلەکانی بەرگری شارستانی و تیمە فریاگوزارییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی ئەمبوڵانس دروستنەبێت”.